دەقی وتارەکانی مامۆستا عەبدولڕەحمان پیرانی، ئەمنیداری گشتیی جەماعەتی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح، بەم شێوەیەیە:

بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان

هەموو ستایش و سوپاس بۆ خوای گەورەیە، و درود و سەلام لەسەر پێغەمبەری خوا، محەممەد ـ ﷺ ـ و خێزان و هاوەڵانی و هەموو ئەوانەی بەدوایدا ڕۆیشتوون.

پەروەردگارمان! لەلای خۆتەوە ڕەحمەتێکمان پێ ببەخشە و لە کار و باری ئێمەدا ڕێگای ڕاست و دروستمان بۆ ئاسان بکە.

خوشکە بەڕێز و ئیماندارەکان، کوڕ و کچە خۆشەویست و بەڕێزەکانی جەماعەتی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح!

السلام علیکم و رحمت الله‌ و برکاتە

وێڕای سڵاو و ڕێز و حورمەت و بەخێرهاتن، زۆر دڵخۆشم و سوپاسی خوای گەورە دەکەم کە ئەم دەرفەتەی پێ بەخشیوین تا لەم دانیشتنه ئیمانی و مەعنەویه‌‌دا ئامادە بم. لە پەروەردگاری زانا و دانادا داوا دەکەم ئارامی، ئاسوودەیی، تەندروستی، سەربەرزی لە کار و باردا بە ئێوە، خێزانە بەڕێزەکانتان و هەموو هاوڵاتییە خۆشەویستەکانمان ببەخشێت، و لە کێشە و نیگەرانی و تەنگانەکانی ژیان ڕزگار بکات.

ڕێگەم پێ بدەن قسەکانم بە ئیلهام وەرگرتن لە ئایەتی ٩٧ی سورەتی پیرۆزی نەحل دەست پێ بکەم؛ ئەو ئایەتەی یەکێکە لە گشتگیرترین ئایەتەکانی قورئان سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ئیمان، کرداری چاک و چۆنیه‌تی ژیانی مرۆڤ. خوای گەورە دەفەرموێت:

«مَنْ عَمِلَ صَالِحًا مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَىٰ وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُمْ بِأَحْسَنِ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ»
(نەحل: ٩٧)

واتە: هەر کەسێک، چ پیاو بێت یان ژن، لە کاتێکدا کە باوەڕدارە، کردارێکی چاک بکات، بە دڵنیاییەوە بە ژیانێکی پاک و خۆش زیندووی دەکەینەوە و پاداشتیان بە باشترین شێوەی ئەو کارانەی کردوویانە پێ دەدەین.

خوشکە ئیماندارەکان و کوڕ و کچە بەڕێزەکان!

ئەگەر بمانەوێ پەیامی ئەم ئایەتە زۆر بەکورتی دەرببڕین، دەتوانین بڵێین:

ئیمانی ڕاستەقینە دەبێت بگاتە کرداری چاک، و کرداری چاکیش مرۆڤ بەرەو ژیانێکی پاک و خۆش ڕێنوێنی دەکات.

سەیری ئەوە بکەن قورئانی پیرۆز چۆن ئەم سێ قۆناغ و بنەمایە سەرەکییەی ژیانی خاوەن ئیمان بە جوانی بەدوای یەکدا دادەنێت:

یەکەم: دەفەرموێت: «مَنْ عَمِلَ صَالِحًا»؛ واتە کردارێکی چاک. کردارى چاک بریتییە لە کارێکی شایستە و هەوڵێکی دڵسۆزانە کە نیشانەی تێگەیشتن و هەستی دروستی مرۆڤ و بەرپرسیارێتییەکەیە.

دووەم: دەفەرموێت: «وَهُوَ مُؤْمِنٌ»؛ واتە ئەم کردارە چاک و قبوڵکراوە لەسەر بنەمای ئیمان و باوەڕ بە خوای گەورە دامەزراوە.

سێیەم: پاشان مژدەمان پێ دەدات و دەفەرموێت: «فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً»؛ واتە ئەم مرۆڤە خاوەن ئیمان و کرداری چاکە دەگەیەنین بە ژیانێکی شایستە و پڕ لە قەناعەت، ڕەزامەندی، ئارامی، سەبر و عاقیبه‌ت خێری.

لەبەر ئەوە، لە لۆژیک و کەلتووری قورئاندا، ئیمان تەنها باوەڕێکی ناو دڵ نییە؛ بەڵکو هێز و توانایەکی مەعنەوییە کە مرۆڤ لە ڕێگای ڕاست و سیراتی ڕاستەقینەدا دەخاتە جووڵە.

لە ڕاستیدا، ئیمان لە ڕووی ئاگاھییه‌وه‌، ژیان ئاراستە و مانادار دەکات؛ کردارى چاک ئەو ئامانج و ئاراستەیە لە واقیعی ژیاندا دەردەخات؛ و بەدەستهێنانی ژیانی پاک و خۆش، ئەنجام و بەرهەمی ئەم پەیوەندییە پیرۆزەیە.

ئەمەش داواکاری و چاوەڕوانییەکی سروشتیی مرۆڤێکی موسڵمانە لە ژیانی ئیمانیی خۆی؛ چونکە کاتێک ئیمانی قووڵ لە دڵی مرۆڤدا ڕیشە دادەکوتێت، مانا بە ژیانی دەبەخشێت، جووڵەی مرۆڤ ئامانجدار دەکات، لە خۆپەرستی و شوێنکەوتنی ئارەزووە نەفسییەکان دووری دەخاتەوە و ڕۆحی خێرخوازی، بەرپرسیارێتی و خزمەتکردن بە کەسانی دیکەی تێدا زیندوو دەکاتەوە.

لێرەدا بەپێویستی دەزانم ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بکەم: لە ڕوانگەی دینەوە، کرداری چاک تەنها نەبەستراوه‌ته‌وه‌ به‌ لە عیبادەتە تاکەسییەکاندا.

گومان لەوەدا نییە کە عیبادەتەکانی وەک نوێژ، ڕۆژوو، زەکات، حەج و عیبادەتییەکانی دیکە لە شەریعەتی ئیسلامدا شوێنێکی زۆر بەرزیان هەیە؛ بەڵام لە هەمان کاتدا، بازنەی کرداری چاک زۆر فراوانترە.

هەر کارێک کە لە چوارچێوەی شەرعدا، بە نیت و ویستێکی دروست و لە پێناوی خێر و چاکەی تاک، خێزان و کۆمەڵگا ئەنجام بدرێت، دەتوانێت لە خانەی کرداری چاکدا بێت.

پەروەردەکردنی دروستی منداڵ، ئاشتی دانەوەی دوو مرۆڤ، یارمەتیدانی کەسێکی نیازمەند، فێرکردن و ڕێنماییی دڵسۆزانە، پاراستنی ئابڕوو و نهێنییەکانی خەڵکی دیکە، ڕاوێژدان بە گەنجێک بۆ هەڵبژاردنێکی دروست لە ڕێگای ژیاندا، قسەیەک کە دڵی مرۆڤێک لە ناھومێدی ڕزگار بکات، یان ئەنجامدانی خزمەتێک بۆ گشتیی کۆمەڵگا؛ هەموو ئەمانە دەتوانن نموونەیەک لە کردارى چاک بن.

بەڵام ئەو «حیات طیبه»ی قورئان بەڵێنی داوە چییە و چ کاریگەرییەکی لەسەر ژیانمان هەیە؟

ڕوونە کە ژیانی پاک و خۆش تەنها بە مانای بەدەستهێنانی سامان، ڕەفاه و ئامرازە ماددییەکان نییە؛ هەرچەند بوونی ئەمانەش هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ ژیانی پاک و خۆش نییە.

ڕەنگە کەسێک سامان و دەرفەتی زۆری هەبێت، بەڵام ئارامی نەبێت؛ دەوڵەمەند بێت، بەڵام ڕەزامەندی نەبێت؛ خانوویەکی گەورە، کارێکی گونجاو و ئامراز و دەرفەتی زۆری هەبێت، بەڵام لە خێزانێکی ئارام و پەیوەندییەکی پڕ لە میهرەبانی بێبەش بێت.

لە بەرامبەردا، ڕەنگە مرۆڤێک لە ڕووی ماددییەوە دەرفەتەکانی سنووردار بن، بەڵام دڵێکی ئارام، ئیمانێکی پتەو، خێزانێکی پڕ لە میهرەبانی، پەیوەندییەکی تەندروست و ڕۆحێکی پڕ لە هیوا و ڕەزامەندی هەبێت.

لەبەر ئەوە، ژیانی پاک و خۆش دەبێت بە ژیانێکی بەرز، شایستە و پڕبەرەکەت دابنرێت؛ ژیانێک کە لە سێبەری ئیمان و کردارى چاکدا بەدەست دێت.

ژیانێک کە مرۆڤ لەوێدا پەیوەندییەکی نزیک و بەهێزی لەگەڵ خوای گەورە هەیە، بوونی بۆ خۆی، خێزانەکەی و کەسانی دیکە سەرچاوەی خێر و بەرەکەتە، و لە کاتی ڕوودانی کێشە و ئاڵۆزی و ناخۆشییەکاندا سەبر دەگرێت و هیوا لەدەست نادات.

چونکە ژیانی پاک و خۆش ئەوەیە مرۆڤ بزانێت بۆ چی دەژی، پشت بە کێ دەبەستێت و لە بەرامبەر کەسانی دیکەدا چ بەرپرسیارێکی لەسەر شانیە.

لەوانەیە یەکێک لە گرنگترین نیشانه‌کانی «حیات طیبه» ئەوە بێت کە مرۆڤ تەنها بۆ خۆی ناژی.

کاتێک ئیمانێک کە لە تێگەیشتنێکی دروست و ئیخلاسەوە سەرچاوەی گرتووە، لە دڵی مرۆڤدا جێگیر دەبێت، ئازار و ناخۆشییەکانی کەسانی دیکە بۆی گرنگ دەبن، خۆشییەکانی ئەوان بەها پەیدا دەکات، کێشەکانی خێزان دەبنە کێشەی خۆی و پێویستییەکانی کۆمەڵگا هەستی بەرپرسیارێتی لە ناخی دروست دەکات.

لێرەدایه کە ئیمان لە باوەڕێکی ناوخۆییەوە دەگۆڕێت بۆ ڕەفتار و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی.

ژن و پیاو؛ هەردووکیان لە مەیدانی ئیمان و کردارى چاکدا

خوشکە و کوڕ و کچە بەڕێزەکان!

پەیامێکی زۆر گرنگی دیکەی ئەم ئایەتە ئەوەیە کە هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو لە مەیدانی ئیمان و کردارى چاکدا دادەنێت و دەفەرموێت:

«مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَىٰ»؛ واتە «لە پیاو یان ژن».

قورئانی پیرۆز بە ڕوونی ڕایدەگەیەنێت کە ژن و پیاو، هەردووکیان، بەرامبەر ئیمان، کردارى چاک، بەرپرسیارێتی و بەڵێنی خوای گەورەن.

لەبەر ئەوە، پێوەری بەهای مرۆڤ لە لای خوای گەورەدا ڕەگەز نییە؛ بەڵکو ئیمان، کردارى چاک، ئیخلاس، بیرکردنەوەی خێرخوازی و تەقوایەتییەکەیە.

ئەم قسەیە بە تایبەتی لە کەشوهەوای کەلتووری سەردەمی دابەزینی قورئاندا زۆر گرنگ بوو؛ چونکە قورئان لە هەمان سورەتدا یەکێک لە دروشمەکانی جاهیلیەت و هەڵوێستی هەڵە بەرامبەر کچان و ژنان بەو شێوەیە ڕەت دەکاتەوە:

«وَإِذَا بُشِّرَ أَحَدُهُمْ بِالْأُنْثَىٰ ظَلَّ وَجْهُهُ مُسْوَدًّا وَهُوَ كَظِيمٌ»
(نەحل: ٥٨)

واتە: کاتێک یەکێکیان بە هەواڵی لەدایکبوونی کچێک مژدە دەدرایەوە، ڕووی لە خەم و تووڕەیی ڕەش دەبوو.

قورئانی پیرۆز نەک تەنها ئەم ڕوانگە جاهیلییەی ڕەت کردووەتەوە، بەڵکو ژنانی وەک پیاوان لە شوێنی کرامەتی مرۆیی، ئیمان، کردارى چاک و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی داناوە.

لەبەر ئەمە، بەشداریی ژنان لە بوارەکانی ئیمان، خێزان، پەروەردە، زانست، بانگ و خزمەتکردنی کۆمەڵگا، بابەتێکی لاوەکی و حاشیەیی نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە هەمان بەرپرسیارێتییەی کە قورئان بۆ مرۆڤ وەک جێنشینی پەروەردگار دیاریکردووە.

چونکە بەرپرسیارێتیی مرۆڤ لە لۆژیکی قورئاندا، سەرەتا لە خۆیەوە دەست پێ دەکات و پاشان بەرەو خێزان و کۆمەڵگا فراوان دەبێتەوە.

لە بەر تیشکی ئەو بابەتانەی پێشتر باسمان کرد، پێویست دەزانم به چەند خاڵێک ئاماژە بدەم:

خاڵی یەکەم: لە «حیات طیبه» تا بەرپرسیارێتیی خێزانی و کۆمەڵایەتی

تا ئەو کاتەی لە کەلتووری قورئاندا بنەما ئەوەیە کە ئیمان و کردارى چاک دەگەنە «حیات طیبه»، یەکەم مەیدانی جێبەجێکردن و دەربڕینی ئەو ئیمان و کردارە، ژیانی تاکەکەسی و خێزانییە و پاشان کۆمەڵگایە؛ چونکە کۆمەڵگا لە خێزانەکان پێک دێت و ئەگەر خێزان چاک نەکرێتەوە، چاککردنی کۆمەڵگا زۆر دژوار دەبێت.

ئەمڕۆ خێزانەکان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستیان بە تێگەیشتن، گفتوگۆی ئاسایی و ھاودڵانە، خۆشەویستی، ئاسوودەیی، ئارامی و ئامادەبوونی بەرپرسیارانەی دایک و باوک هەیە.

دایک و باوکان تەنها دابینکەری پێداویستییە ماددییەکانی منداڵان نین؛ بەڵکو دروستکەر و پەروەردەکەری کەسایەتیی نەوەی داهاتوون.

منداڵەکانمان زیاتر لەوەی لە قسەکانمان فێر ببن، لە ڕەفتارەکانمان نموونە وەردەگرن:

  • ئەگەر لە ماڵەوە ڕاستگۆیی ببینن، ڕاستگۆیی فێر دەبن؛

  • ئەگەر ڕێز ببینن، ڕێز فێر دەبن؛

  • ئەگەر بەرپرسیارێتی ببینن، خۆیان بەرپرسیار دەبن؛

  • و ئەگەر کاریگەریی ئیمان لە ڕەفتارماندا هەست پێ بکەن، ئیمان بۆیان لە تەنها چەمکێکی زەینییەوە دەگۆڕێت بۆ ڕاستییەکی بەرجەستە لە ژیانی ڕۆژانەدا.

لەبەر ئەوە، یەکێک لە گرنگترین بوارەکانی کردارى چاک، دروستکردنی خێزانێکی تەندروست، هاودڵ و پەروەردەکراوە.

خێزانێک کە ژن و پیاو تێیدا ڕکابەر و دوژمنی یەکتر نەبن و بیر لە سڕینەوەی یەکتر نەکەنەوە، بەڵکو هاوکار و هاوڕێی یەکتر بن.

خێزانێک کە منداڵان تێیدا لەگەڵ دایک و باوکیان هاوڕێ بن و دەرفەتی پرسیارکردنیان هەبێت.

خێزانێک کە جیاوازیی بۆچوون تێیدا لەگەڵ بێڕێزی نەبێت، و دین بە خۆشەویستی، دانایی و نموونەی کرداری بناسرێت، نەک بە توندوتیژی، سووکایەتی و زۆرلێکردن.

خاڵی دووەم: لە خێزانەوە بۆ کۆمەڵگا؛ خزمەتکردن بە خەڵک

بەپێی وانە و فێرکارییەکانی ئایینی ئیسلام، کاریگەری و ڕۆڵی ئیمان لە خێزاندا کۆتایی نایەت.

مرۆڤی ئیماندار، هەروەک چۆن گرنگی بە چاککردنی خۆی و خێزانەکەی دەدات، شایستەیە بەرامبەر کۆمەڵگا و هاونوعەکانی خۆشی هەستی بەرپرسیارێتی هەبێت.

لەبارەی ئەرکی مرۆڤ بەرامبەر کۆمەڵگا، لە لایەکەوە کۆمەڵگای ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە مرۆڤی خێرخوازی دڵسۆز، چالاک و بەرپرسیارێتی‌هەست هەیە؛ و لە لایەکی دیکەوە، بەپێی کەلتووری ئیسلامی، بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتییەکان لە جۆری «واجیبی کفایی» ـن؛ واتە هەر تاک، کۆمەڵ یان ڕێکخراوێک کە لە مەیداندا ئامادەیە، بەگوێرەی توانایی و دەرفەتی خۆی بەرپرسیارێتییەکی لەسەرە.

کۆمەڵگایەک کە هەر کەس تەنها بیر لە خۆی بکاتەوە، بە تێپەڕبوونی زەمان، سەرمایە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی لەدەست دەدات.

لە بەرامبەردا، ئەو کۆمەڵگایانەی تێیاندا هاوڵاتییان ئازار و ناخۆشیی یەکتر هەست پێ دەکەن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هاوکاری یەکتر دەکەن و بەگوێرەی توانای خۆیان گرێیەک لە کار و ژیانی کەسانی دیکە دەکەنەوە، کۆمەڵگایەکی زیندوو، چالاک و بەرەو پێشچوون دەبن.

لە فەرموودەیەکی قودسیی‌دا بەو مانایە هاتووە کە خوای گەورە هەندێک لە بەندەکانی خۆی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی خەڵک تەرخان کردووە؛ خێر و چاکەی لای ئەوان خۆشەویست کردووە و خۆشی ئەوانی لای خێر و چاکە خۆشەویست کردووە.

لەو ڕوانگەیەوە، یەکێک لەو پرسیارە گرنگانەی هەر مرۆڤێکی ئیماندار دەبێت لە خۆی بپرسێت ئەمەیە:

«پابەندبوونی من بە فێرکارییەکانی ئیسلام، چ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ژیانی کەسانی دیکە داناوە یان دادەنێت؟»

  • ئایا بنەماڵەکەم بە بوونی من ئارامتر و ئاواتر بووە؟

  • ئایا دراوسێکەم لە بەرامبەر مندا هەستی ئاسایش دەکات و هیوای پێم هەیە؟

  • ئایا ئەو گەنجانەی پەیوەندییان لەگەڵ من هەیە، هیوا و دڵگرمیی زیاتریان بۆ ژیان پەیدا کردووە؟

  • ئایا کەسێکی تووشی کێشە، لە مندا مرۆڤێکی خێرخوازی متمانەپێکراو دەبینێت؟

ئەمەیە کە مانای «عمل صالح»مان بۆمان ڕوونتر دەبێتەوە و بازنەکەی فراوانتر دەبێت.

لەبەر ئەوە چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە جاران پێداویستییەکانی کۆمەڵگا ببینین و توانایییەکانیشمان بەرز بکەینەوە، تا بتوانین خۆمان لەگەڵ ئاستی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا بگونجێنین.

دەبێت ئەوە قبوڵ بکەین کە لە هەر شوێنێک پێویستییەک هەبێت و ئێمە توانای وەڵامدانەوەمان هەبێت، بەرپرسیارێتیی ئێمە لەوێوە دەست پێ دەکات.

لەوانەیە تواناییی کەسێک زانست بێت، هی کەسێکی دیکە بەڕێوەبردن، هی یەکێکی دیکە پەروەردە، هی کەسێکی تر پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و هی یەکێکی دیکە یارمەتیی دارایی بێت.

گرنگ ئەوەیە هەر کەس بزانێت خوای گەورە چ نیعمەت و توانایییەکی پێ بەخشیوە و چۆن دەتوانێت ئەو نیعمەتە لە ڕێگای خێر و خزمەتکردن بە هاونوعەکانی خۆیدا بەکاربهێنێت.

خاڵی سێیەم: نەوەی نوێ و بەرپرسیارێتییەکی گران

یەکێک لە گرنگترین بابەت و ئەرکەکانی سەردەمی ئێمە، مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵان و نەوەی گەنجە. ئەگەر بیەوێت کاریگەریی خۆمان لە کۆمەڵگادا بپارێزین و بەهێزترینی بکەین، ناچارین نەوەی نوێ، پرسیارەکان، ئاواتەکان، بیر و هۆش، نیگەرانی و پێویستییەکانیان بە باشی بناسین و وەڵامی دروستیان بدەین.

گەنجانی ئەمڕۆ لە جیهانێکدا دەژین کە زۆر جیاوازە لەو سەردەمەی منداڵی و گەنجیی نەوەکانی پێشوو. ئەمڕۆ کۆمەڵێکی زۆر لە زانیارییەکان لە چەند چرکەیەکدا دەگوازرێنەوە؛ تەکنەلۆجیا و فه‌زای مەجازی سنوورە جوگرافییەکانیان لەنێوبردووە و زیرەکیی دەستکرد شێوازی فێربوون، پەیوەندیکردن و دەستگەیشتن بە زانیارییەکانی گۆڕیوە.

لەبەر ئەمە، گەنجی ئەمڕۆ پرسیار و نیگەرانیی نوێی خۆی هەیە و ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان دەبێتەوە کە نەوەکانی پێشوو هەرگیز ڕووبەڕوویان نەبوونەتەوە.

لە چوارچێوەی ئەم بارودۆخەدا، ئەگەر بیەوێت پەیوەندییەکی کاریگەر لەگەڵ نەوەی نوێ دروست بکەین، دەبێت بیانناسین، گوێیان لێ بگرین، نیگەرانییەکانیان تێبگەین و بە شێوازێکی نوێ و گونجاو، وەڵامی دروستیان بدەین.

خوای گەورە لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا مرۆییەکانی ڕابردوودا، پێغەمبەرانی دەنارد کە بە زمان و کەلتوور و کێشە و بابەتەکانی ئەو گەلە بە تەواوی ئاشنا بوون؛ هەروەک دەفەرموێت:

«وَمَا أَرْسَلْنَا مِنْ رَسُولٍ إِلَّا بِلِسَانِ قَوْمِهِ لِيُبَيِّنَ لَهُمْ» (ئیبراهیم: ٤)

واتە: هیچ پێغەمبەرێکمان نەناردووە، مەگەر بە زمانی گەلەکەی خۆی، تا پەیامه‌کەی خوایان بۆیان ڕوون بکاتەوە.

مەبەستی سەرەکیی ئایەتەکە ئەوەیە کە پێغەمبەران دەبێت لەگەڵ بەردەنگەکانیان پەیوەندییەکی گونجاویان هەبێت، تا بتوانن وەڵامی دروستی پێویستییەکانیان بدەنەوە.

لەبەر ئەوە، بۆ گەیاندنی پەیامێکی دروست، دەبێت بەردەنگ بناسین و زمانی پەیوەندیکردن لەگەڵی تێبگەین.

ڕوونە کە زمان تەنها وشە نییە؛ بەڵکو ناسینی نیگەرانی، نیاز و پێویستی، پرسیار و کەشوهەوای فکری و کەلتووریی بەردەنگەکەشە.

لەبەر ئەمە، دەبێت لەگەڵ ئەوەی بە تەواوی پابەند بە بنەما، بەها و بنەڕەتە دینییەکانمان بین، بتوانین بە ئەدەبیاتێکی تێگەیشتوو و ئامرازێکی گونجاو لەگەڵ نەوەی نوێ پەیوەندی دروست بکەین.

نابێت گەنج تەنها بەهۆی پرسیارەکانییەوە سرزنش بکرێت؛ چونکە پرسیار هەمیشە نیشانەی دژایەتی لەگەڵ دین نییە، بەڵکو دەتوانێت نیشانەی گەڕان بەدوای ڕاستی و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە حه‌قیقت بێت.

دەبێت گوێیەکی بیسەر و گوێگرمان هەبێت، بە دڵسۆزی و لە نزیکەوە گفتوگۆ بکەین و بە وردی ڕوونکردنەوە بدەین؛ و لە هەمووی گرنگتر، دەبێت متمانە دروست بکەین.

ئەگەر ئێمە متمانەمان بە گەنجەکانمان نەبێت، ئەوانیش متمانەمان پێ ناکەن و قسەی دروستمان ناگاتە دڵیان.

لەبەر ئەوە، بەرپرسیارێتیی ئێمە تەنها پەیوەندیکردن نییە؛ بەڵکو دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن دەتوانین بە باشترین و کاریگەرترین شێوەی گونجاو، پەیوەندی لەگەڵیان دروست بکەین.

خاڵی چوارەم: زانست، توانمندی و ئیمانی ئاگادار

ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە دەستگەیشتن بە زانست و زانیاری زۆر ئاسانترە لە ڕابردوو و تەلەفۆنێکی مۆبایل دەتوانێت بڕێکی زۆر لە داتا و زانیاری بخاتە بەردەم؛ بەڵام دەبێت جیاوازی لەنێوان زانیاری، زانست و دانایی بکەین.

زۆریی زانیاری بە مانای زیادبوونی زانست نییە؛ ڕەنگە مرۆڤێک زانیارییەکی زۆری هەبێت، بەڵام توانای جیاکردنەوەی دروست لە هەڵەی نەبێت؛ یان زۆر بابەت بخوێنێتەوە، بەڵام نەزانێت چۆن ڕاست لە هەڵە جیا بکاتەوە.

لەبەر ئەمە، ئەرکی ئێمە تەنها کۆکردنەوەی زانیاری نییە؛ بەڵکو دەبێت بەدوای بیرکردنەوەی دروست، زانستی سوودبەخش، توانای هەڵسەنگاندن و حیکمەت بگەڕێین.

ئەمڕۆ کۆمەڵگا پێویستی بە ژن و ئافرەتانێ هەیە کە هەم لە ڕووی ئیمانییەوە پتەو بن و هەم لە ڕووی زانستی و فکرییەوە بەهێز و کارا بن.

ئیمان، سووچ و لایەنی پێ نیشان دەدات و زانست، توانایی پێ دەبەخشێت.

ئەگەر ئیمان بێ زانست بێت، ڕەنگە مرۆڤ لە ناسین و هەڵبژاردنی ڕێگای دروستدا تووشی کێشە بێت؛ و ئەگەر زانست بێ ئیمان و ئەخلاق بێت، ڕەنگە تواناییی مرۆڤ لە ڕێگایەکی هەڵەدا بەکاربهێنرێت.

لەبەر ئەمە، پێویستیمان بە «زانستی هاوڕێ لەگەڵ ئیمان» و «ئیمانی تێکەڵ بە ئاگایی و دانایی» هەیە.

نەوەی نوێش زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بەو جۆرە نموونانە هەیە؛ مرۆڤگەلێک کە هەم خاوەن ئیمان بن و هەم خاوەن بیر، زانست، پسپۆڕی و بەرپرسیارێتی بن.

خاڵی پێنجەم: سەبر و یەقین؛ سەرمایەکانی ڕێگای ھیدایەت

ئایا ئەم ڕێگایە هەمیشە ئاسانە؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر.

ئەو کەسەی دەیەوێت لە بنەماڵە، جەماعەت یان کۆمەڵگادا کاریگەری هەبێت، دەبێ ئامادە بێ کە ڕەنگە ڕووبەڕووی دژواری، بەربەست، خراپ لێگەیشتن و هەندێک جاریش نا‌میهرەبانی ببێتەوە.

لێرەدا دوو سەرمایەی زۆر گرنگ یارمەتیی مرۆڤ دەدەن: سەبر و یەقین.

پەروەردگاری دانا لە سورەتی پیرۆزی سەجدەدا لەبارەی ڕۆڵی سەبر و یەقین لە سەرکەوتنی پێشەنگان دەفەرموێت:

«وَجَعَلْنَا مِنْهُمْ أَئِمَّةً يَهْدُونَ بِأَمْرِنَا لَمَّا صَبَرُوا وَكَانُوا بِآيَاتِنَا يُوقِنُونَ» (سەجدە: ٢٤)

واتە: لە نێوان ئەواندا پێشەنگانێکمان دانا کە بە فەرمانی ئێمە ڕێنوێنییان دەکرد، کاتێک سەبری خۆیان گرت و بە ئایەتەکانمان یەقینیان هەبوو.

بانگەواز، ڕێگای ڕێنوێنی و خزمەتکردن، ڕێگای بەدەستهێنانی ئەنجامی خێرا نییە؛ بەڵکو پێویستی بە هەناسەیەکی درێژ و سەبر هەیە.

ئەو کەسەی دەیەوێت منداڵەکەی بە دروستی پەروەردە بکات یان دەست بە چاکسازیی کۆمەڵایەتی بکات، نابێت چاوەڕوان بێت هەموو ئەنجامەکان لە کورتترین ماوەدا ببینێت و بە یەکەم بەربەست دڵسارد ببێتەوە.

سەبر، ھێزی بەردەوامبوون لە ڕێگا بە مرۆڤ دەبەخشێت و یەقین، هیوا بە سەرکەوتن زیندوو ڕادەگرێت.

سەبر فێرمان دەکات کە لە پەروەردە، بانگەواز و خزمەتکردندا، ئەنجامی خێرا مەکەینە مەرجی بەردەوامبوونمان لە ڕێگا و متمانە و پشتبەستنمان بە خوا لەدەست نەدەین.

یەقینیش واتە دڵنیابوون لەوەی خوای گەورە هەوڵە دڵسۆزانەکانی مرۆڤ دەبینێت، پشتیوانیی دەکات و هیچ کردارێکی چاک لەلای ئەو بەفیڕۆ نادرێت.

کۆتایی: لە ئیمانەوە بۆ ژیانی پاک و خۆش

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو ئایەتەی سەرەتا، دەبینین هەموو ئەم بابەتانە ئەڵقەکانی زنجیرەیەکی پیرۆزن کە ژیانی مرۆڤ ئاراستە، ئامانج و مانادار دەکەن:

  • ئیمان دەستپێکی ڕێگایە و مرۆڤ لە ناوەوە بنیاد دەنێت؛

  • کردارى چاک ڕۆڵ و کاریگەریی ئیمان لە ژیاندا ئاشکرا دەکات؛

  • و «حیات طیبه» بەرهەم و ئەنجامی پەیوەندیی نێوان ئیمان و کردارى چاکە.

«حیات طیبه» تەنها لە ئارامیی تاکەکەسی کورت نابێتەوە؛ بەڵکو لە خێزاندا دەبێتە خۆشەویستی و ئارامی، لە پەروەردەدا دەبێتە بنیادنان و پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوو، لە کۆمەڵگادا دەبێتە خزمەت و خێرخوازی، لە پەیوەندیدا لەگەڵ گەنجان دەبێتە تێگەیشتن و گفتوگۆ، و لە بوارى زانستدا دەبێتە ئاگایی و توانمندی؛ و بە سەبر و یەقین بەردەوام دەبێت.

لەبەر ئەوە، شایستەیە هەر مرۆڤێکی ئیماندار لە خۆی بپرسێت:

  • من وەک موسڵمان تا چەند لە ئەنجامدانی کردارە چاکەکان لەگەڵ ئیمان و ئیخلاسدا سەرکەوتووم؟

  • لە خێزانەکەمدا چ کاریگەرییەکی ئەرێنی بەجێ دەهێڵم؟

  • بۆ پەروەردەکردنی نەوەی نوێ چ پلان و ڕێ‌وشوێنێکی کاریگەرم داناوە؟

  • ئەو زانست و تواناییە کە خوای گەورە پێی بەخشیوم، چۆن بەکاری دەهێنم؟

  • و بە توانایییەکانم چ خزمەتێک دەتوانم پێشکەشی خەڵک و کۆمەڵگا بکەم؟

وەڵامی هەر یەکێک لە ئێمە ڕەنگە جیاواز بێت، بەڵام نابێت شتێک جیاواز بێت:هەستی بەرپرسیارێتی.

هیچ کەسێک، بە تایبەتی ئەندامانی بەڕێزی جەماعەت، نابێت خۆی بە مرۆڤێکی ناکاریگەری و بێ‌بەرپرسیارێتی بزانێت؛ چونکە ئەندامبوونی هەر تاکێک بۆ هاوڕێیەتی، هاوکاری و وەرگرتنی بەرپرسیارێتییە.

خوای گەورە لە بەردەوامیی ئایەتی ٩٧ی سورەتی نەحلدا دەفەرموێت:

«وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُمْ بِأَحْسَنِ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ»

واتە: ئێمە پاداشتیان دەدەین بە باشترین شێوەی ئەو کارانەی دەیکەن.

واتە ئەم هەموو هەوڵانە لەلای خوای گەورە و لە تۆماری کردارەکاندا لەبیر ناکرێن.

هەر شتێک بە ئاگایی، دڵسۆزی و دروستی ئەنجام بدرێت و کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر تاک، خێزان و کۆمەڵگا دابنێت ــ هەرچەند لەبەرچاو بچووک بێت ــ لەلای پەروەردگار بەهادارە و بە کردارى چاک دادەنرێت.

لە کۆتاییدا، لە خوای گەورە داوا دەکەم تێگەیشتنێکی ورد، ئیمانێکی قووڵ، ئیخلاس لە کردار و زانستێکی سوودبەخشمان پێ ببەخشێت.

خوایە! بە هەموومان، بە تایبەتی دایکان و خوشکانی بەڕێز، توانایی و تەوفیق ببەخشە تا لە ناو ماڵ و خێزان، لە جەماعەت و کۆمەڵگادا سەرچاوەی خێر، ئارامی، ئاگایی و هیوا بین.

خوایە! نەوەی گەنجمان لە زیانی هۆکارە گومڕاکەرەکان بپارێزە، دڵە پاکەکانیان بە ڕاستییەکانی ئیسلام ئاشنا بکە و لە ڕێگای خێردا، گەشە و نەشەیان پێ ببەخشە..

لە نێوان ئەوان و خێزانەکانیاندا خۆشەویستی، یەکڕیزی، تێگەیشتن و هاودڵی دروست بکە.

خوایە! ته‌وفێقمان پێ ببەخشە زانست لە خزمەتی خێر و چاکەدا، توانایی لە خزمەتی خەڵکدا و ئیمان لە خزمەتی چاکسازیی ژیاندا بەکاربهێنین.

لە پەروەردگاری زانا و دانادا داوا دەکەم وڵاتەکەمان لە تەنگانە و کێشەکان ڕزگار بکات و هاوڵاتییە بەڕێزەکانمان لە ئاسوودەیی، ئارامی و هاودڵی بەهرەمەند بکات.

فێرمان بکە لە کاتی سەختیدا سەبور بین، لە کاتی نیعمەتدا سوپاسگوزار بین، لە ئاستی ئەمانەت، ئەمانەتدار بین و لە خزمەتکردندا چالاک و ماندوونەناس بین.

خوایە! لەم دونیایەدا بە «حیات طیبه» بەهرەمەندمان بکە و لە دواڕۆژدا بە بەهەشتی پڕ لە نیعمەت و فیردەوسی ئەعلامان پێ ببەخشە.

ئامین، ئەی پەروەردگاری جیهانیان.